هەمەدان؛ مامۆستا سابیر خودامورادی بە ٢٢ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درا

14:49 - 3 بانەمەڕ 2725

ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی بانەمەڕی ١٤٠٤، مامۆستا سابیر خودامورادی، پێشنوێژی شارەکی قەوەخی شاری سەقز پاش بانگکران بۆ دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدان و ئامادەبوون لەم دادگایە، بە ٢٢ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا دراوە.

ئەم مامۆستا کوردە پاش ڕاگەیاندنی بڕیاری دادگا خەریکی گەڕانەوە بۆ شاری سەقزە و تا ٢٠ ڕۆژ دەرفەتی ناڕەزایەتیدەربڕین بەم حوکمەی هەیە.

مامۆستا سابیر خودامورادی لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بەڵگەی بانگکردنی لەلایەن دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتەوە پێ گەیشتبووە.

لە خەرمانانی ١٤٠٣، ئەم مامۆستا ئایینییە دوابەدوای پێوەندییەکی تلفۆنی لەلایەن دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ١٥ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درا.

پووشپەڕی ١٤٠٢، مامۆستا سابیر خودامورادی بانگی دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدان کرا.

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی بانەمەڕی ١٤٠٢، ئەم مامۆستا ئایینییە کوردە لەلایەن دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدانەوە بە تۆمەتەکانی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "تێکدانی بیری گشتی" بە ٧ مانگ و نیو بەندکرانی هەڵپەسێردراو و لێدانی ٧٤ قامچیی هەڵپەسێردراو بۆ ماوەی ٣ ساڵ سزا درابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٦ی بانەمەڕی ١٤٠٢، ئەم مامۆستا ئایینییە کوردە، بۆ سێیەمین جار بە هۆی پشتیوانی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە وتاری نوێژی هەینیدا بانگی دادگای تایبەتی هەمەدان کرا.