۲۷ی ڕەزبەری ۱۴۰۵؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی «موحسن مەولوودپوور»، لاوی کوردی خەڵکی شنۆ و یاریزان و ڕاهێنەری فووتباڵ، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە. ناوبراو لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، دیدار و پەیوەندی بە بنەماڵەکەیەوە بێبەشە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، «موحسن مەولوودپوور» ڕۆژی شەممە ۲۵ی ڕەزبەری ۱۴۰۵، بەبێ بەڵگەی دادوەری، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
ئەم سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند کە موحسن مەولوودپوور یەکێک لە یاریزانان و ڕاهێنەرە ناسراوەکانی فووتباڵ لە شنۆیە و لە قوتابخانەیەکی فووتباڵدا خەریکی ڕاهێنەری بووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی ئەم لاوە کوردە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەمبارهیەوە نەداوە. هەروەها ناوبراو لە ماوەی ئەم ۳ ڕۆژەدا لە مافی هەر چەشنە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و دیدار و پەیوەندی بە بنەماڵەکەیەوە بێبەش بووە.





