۲۶ی ڕەزبەری ۱۴۰۵؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ۲ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی «عرفان کەرەموەیسی»، لاوی ١٩ ساڵەی خەڵکی گوندی «پاکلگراو» سەر بە شاری بەدرە لە پارێزگای ئیلام، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە و ناوبراو لە هەرچەشنە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و دیدار و پەیوەندی بە بنەماڵەکەیەوە بێبەشە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ «عرفان کەرەموەیسی» ڕۆژی شەممە ۲۵ی ڕەزبەری ۱۴۰۵ کاتژمێر ۵ی ئێوارە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیتلاعاتی سپاوە بە هەڵکوتانە سەر ماڵ و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، پێشتریش هێزە ئەمنییەکان چەندین جار هەوڵیان داوە ئەم لاوە کوردە دەسبەسەر بکەن.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی ئەم هاوڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکان لەمبارهیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها ناوبراو لە هەموو مافێکی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و دیدار و پەیوەندی بە بنەماڵەکەیەوە بێبەشە.





