۲۷ی ڕەزبەری ۱۴۰۵؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ۱۳ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی پێنج هاووڵاتیی خەڵکی سەقز و ئەندامانی دوو گرووپی شاخەوانیی «هەڵۆ» و «چیای سەوزی سەقز»، بە ناوەکانی "محەممەد حەکیمپوور"، "مستەفا قادری"، "محەممەدساڵح حوسێنی"، "حوسێن عەبدوڵڵاهی"، "خالید ڕەحیمی" هیچ چەشنە زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە. ئەم هاوڵاتییانە لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، دیدار و تەنانەت پێوەندیی تلفۆنێکی چەند چرکەیی لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون و سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکان، هیچ ناوەندێک لەمبارهیەوە وڵامدەر نییە.
بەرەبەیانیی ڕۆژی پنجشەممە ۱۶ی ڕەزبەری ۱۴۰۵، لە ڕەوتی شەپۆلێک لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە لە شاری سەقز، زیاتر لە ۳۰ هێزی ئەمنی و چەکداری ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز، لە نێوان کاتژمێر ۵ تا ۶ی بەیانی بە سەر ماڵی ۷ هاووڵاتیی کورد و ئەندامانی دوو گرووپی چیاوانیی «هەڵۆ» و «چیای سەوزی سەقز»، بە ناوەکانی "محەممەد حەکیمپوور"، "مستەفا قادری"، "محەممەدساڵح حوسێنی"، "حوسێن عەبدوڵڵاهی"، "خالید ڕەحیمی"، "عەبدوڵڵا ئەمینی" و "ڕەحیم حەقپەرەست"، بە شێوازێکی توندوتیژانە و لەگەڵ لێدان و توندوتیژی هێرشیان کرد و دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە. «ڕەحیم حەقپەرەست» دوای یەک ڕۆژ و « عەبدوڵڵا ئەمینی » دوای یەک شەو و ڕۆژ دەسبەسەرکران ئازاد کران و ۵ هاووڵاتییەکەی تر لە ناڕوونیی چارەنووسیاندا بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
سەرجەم کەسە دەسبەسەرکراوەکان لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی دەسبەسەرکراندا، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز، تووشی بێڕێزیی توند و لێدان بوونەتەوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی ئەم هاوڵاتییانە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمبارهیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها، ئەوان لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، دیدار و پەیوەندی بە بنەماڵەوە بێبەشن.
گرووپەکانی شاخەوانیی «چیای سەوز» و «هەڵۆ»؛
گرووپەکانی شاخەوانیی «چیای سەوز» و «هەڵۆ» دوو ڕێکخراوی سەربەخۆی مەدەنی، وەرزشی و ژینگەپارێزی لە سەقزن. ئەم گرووپانە سەرەڕای هەڵگەڕانی دەورەیی بۆ سەر چیا و بەرزاییەکانی کوردستان، لە بەرنامەکانی وەک پاککردنەوەی سروشت، دار چاندن، پەرەپێدانی شاخەوانی و ڕێزلێنان لە پێشەنگان ڕۆڵی بەرچاویان هەیە؛ لەوانە هەڵگەڕانی هاوبەشی ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠٥ی ئەوان بۆ سەر لووتکەی چیای «تاڵەسوار» لە ناوچەی خوڕخوڕە کە هاوڕێ لەگەڵ وتارخوێندنەوەی شاخەوانی پێشەنگ «پیرە هەڵۆ» بوو.
بەم هۆیەوە، ئەندامانی ئەم ڕێکخراوانە بەهۆی سەربەخۆیی و چالاکییە مەدەنییەکانیانەوە چەندین جار بەرەوڕووی گوشاری ئەمنی بوونەتەوە. لەوانە ئەندامانی گرووپی «هەڵۆ» وەک ئەسعەد سدیقی (پوشپەڕی ۱۳۹۹) و سدیق یووسفپوور ( بەفرانباری ۱۴۰۴) مێژووی دەسبەسەرکردنی هەڕەمەکی و پشکنینی ماڵەکانیان لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە هەیە.





