گوندی "کەرجۆ"ی سنە؛ ئەشکەنجەدانی ١٣ قوتابی لەلایەن مامۆستاکەیانەوە بە هۆی ونبوونی شارژرەکەی

ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، لە قوتابخانەی سەرەتایی "قەڵەم چی" لە گوندی "کەرجۆ" سەر بە شاری سنە، مامۆستایەک بە هۆی ونبوونی شارژری مۆبایلەکەی، ١٣ قوتابیی پۆلی پێنجەمی ئەشکەنجە داوە و ئازاری جەستەیی داون. ئەم مامۆستایە هەروەها هەڕەشەی لەم قوتابییانە کردووە کە لە ئەگەری ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکانیان لە بابەتەکە، زیاتریان دەیانخاتە ژێر گوشار و ئازارەوە. وێنەگەلێک کە بە دەستی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا گەیشتوون، ئاسەواری لێدان لەسەر جەستەی ئەو منداڵانە نیشان دەدات.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ئەو مامۆستایە پاش ڕاگەیاندنی ونبوونی شارژرەکەی، بە بێ هیچ لێکدانەوەیەکی لۆژیکی و تەنیا لەسەر بنەمای گومان لە دەستێدابوونی قوتابییان لەم بابەتە، لە کلاسدا ئەشکەنجەی داون. توندیی ئاسەواری لێدانەکە لە سەر جەستەی ئەو منداڵانە لە ئاستێکدایە کە ئاسەواری شینهەڵگەڕان، برین و هەوکردن لە سەر پشتیان و شانیان دەرکەوتووە.
سەلاحەدین موفیدی، بەرپرسی پەروەردە و بارهێنانی قەزای ٢ی سنە، بە شێوەی زارەکی بەڵێنی بە بنەماڵەی ئەم منداڵانە داوە کە مامەڵە لەگەڵ مامۆستا سەرپێچیکارەکە دەکرێت و پەروەردە و بارهێنان بەرگری لە مافی منداڵەکان دەکات.
بە وتەی سەرچاوەکەی کوردپا، بنەماڵەی ئەم قوتابییانە سکاڵایەکیان لە ڕێگەی کەڵانتەری ١٣ی "حەسەناوا" ئامادە و ڕادەست کردووە.
چاوخشاندنێک بە یاساکانی ئێران سەبارەت بە مافی قوتابییان و کارکردی ناوەندەکان لەم پێوەندییەدا؛
بەپێی بڕگەی ٨ی یاسای پشتیوانی لە منداڵان و مێرمنداڵانی یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەر چەشنە توندوتیژیی فیزیکی دژی منداڵان، بە تایبەت لە شوێنی پەروەردەیی، نایاساییە و بەدواداچوونی یاسایی بۆ ئەکرێ.
هەروەها بەپێی ئایینامەی جێبەجێکاری قوتابخانەکان، "کەڵکوەرگرتن لە هەر چەشنە تەنبێکردنی جەستەیی یان گوتاریی هاوکات لەگەڵ سووکایەتی قەدەغەیە و سەرپێچیکردن بە ئەژمار دێت." بڕگەی ٢ی یاسای پێڕاگەیشتن بە سەرپێچییە ئیدارییەکانیش ڕایدەگەینێ کە مامۆستایان و فەرمانبەرانی حکوومەت لە ئەگەری ئەنجامدانی "ئاکاری دوور لە پێگەی کاری" یان "ئاکاری دژی یاسا"، لەگەڵ هەڵسوکەوتی ئینزیباتی وەک سزادران، هەڵپەساردن و دەرکران بەرەوڕوو دەبنەوە.
لەم جۆرە حاڵەتانەدا، پرۆسەی بەدواداچوونی یاسایی لە دوو ڕێوشوێنی سكاڵای یاسایی لەلایەن دایک و باوکی منداڵان و پێڕاگەیشتنی ئیداری لەلایەن پەروەردە و بارهێنانەوە دەگیردرێتە بەر.
سەرەڕای ئامادەکردنی هەندێ یاسا، کارکردی کۆماری ئیسلامی لە بواری پشتیوانی لە مافی قوتابییان و ڕێگری لە منداڵ ئازاری، بە هۆکارگەلێک لەوانە؛ بنەڕەتیبوونەوەی فەرهەنگی پارێزراوبوون لە قوتابخانەکان و پەروەردە، درزی نێوان یاسا و جێبەجێکرانی، کەشی سەرکوتی گشتی لە قوتابخانەکانی ناوچە پەراوێزخراوەکان و نەبوونی ناوەندی چاوەدێریی سەربەخۆ و ناڕوونی؛ زۆر ناکارامە و موحافزەکارانەیە. ناوەندە بەرپرسەکان بە گشتی تەنیا لە بەرانبەر گوشاری میدیایی، بیروڕای گشتی یان ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کاردانەوە نیشان دەدەن. جگە لەمە بنەماکە لەسەر بێدەنگی، شاردنەوە و بەردەوامیی دۆخی هەنووکەیی.
دۆخی گوندی کەرجۆ لە سنە؛
گوندی "کەرجۆ" لە بەشی ناوەندیی شاری سنە و لە شوێنێک هەڵکەوتووە کە لەم ساڵانەی دواییدا گەشەی حەشیمەتیی کەمی هەبووە بەڵام لە ڕوانگەی گەشەی ژێرخانییەوە بە گشتی دواکەوتوو ماوەتەوە. ئەم گوندە سەر بەو ناوچانەیە کە ڕێگەی شوستەی گونجاو، گواستنەوەی گشتی و کارا و ئیمکاناتی ئیداریی لۆکاڵیی هەیە.
قوتابخانەی سەرەتایی "قەڵەم چی" وەکوو تەنیا ناوەندی فەرمیی پەروەردە لە گوندەکە چالاکی دەکات. بەم حاڵەشەوە ئەم قوتابخانەیە لەگەڵ کەمیی ئیمکاناتی پەروەردەیی، هێزی مرۆیی، پێداویستیی بێهداشتی و پشتیوانیی دەروونی لە قوتابییان بەرەوڕوویە.
تەنیا یەک یان دوو مامۆستا و وانەوتنەوەی هاوکات بۆ چەند پلەی جیاواز لەبەرچاو دەگیرێن. کلاسەکان زیاتر سیستەمی گەرمایی ستاندارد، کتێبخانە یان تەنانەت شوێنی یاریی گونجاویان نییە.
ئەو مامۆستایانەی کە لەم ناوچانە کار بکەن کەسانێکی بێ ئەنگیزە یا کەسانێکن کە لە بواری هەڵسوکەوت لەگەڵ قوتابییان پەروەردە نەکراون.
گوندی کەرجۆ لەگەڵ قەیرانی هاوکاتی بێبەریبوونی ساختاری، لاوازیی چاوەدێری و پەراوێزخراوبوونی خزمەتگوزاریی گشتی بەرەوڕوویە. ئەم چەشنە بەستێنانە، دەبنە هۆی سەرهەڵدانی توندوتیژی و دووبارەبوونەوەیان لە قوتابخانەکان کە لە بێدەنگیدا لەبەرچاو ناگیردرێن یا بە هەرەشە و ترساندن پەراویز دەخرێن.