محەممەد ساڵحی بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری بانە بریندار بوو
14:35 - 26 خاکەلێوه 2725

شەوی شەممە ٢٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "محەممەد ساڵحی" خەڵكی گوندی "بێکش" سەر بە شاری بانە، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری ئەم شارە بە سەختی بریندار بوو و لە بەشی چاوەدێریی تایبەتدا ڕاگیراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بە بێ هۆشداریدانی پێشوو لە سنووری "زڵە"ی بانە تەقەیان لەم هاووڵاتییە کردووە.
ئەم سەرچاوەیە وتیشی: فیشەکی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بەر سەر و پشتی محەممەد ساڵحی کەتووە و بە سەختی بریندار بووە و ئێستا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سنە لە ژێر چاوەدێریی تایبەتی پزیشکیدایە.
محەممەد ساڵحی خێزاندارە و منداڵی هەیە.