ئاودانان؛ محەممەد دانیالی، چالاکی فەرهەنگی – مەدەنی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای دوو ساڵ بەندکران ڕەوانەی بەندیخانەی ئیلام کرا

22:18 - 26 رەشەمه 2724

ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، محەممەد دانیالی، چالاکی فەرهەنگی – مەدەنی و ئەندامی گرووپی شاخەوانیی "بنار" لە ئاودانان، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای دوو ساڵ بەندکرانی داسەپاو ڕەوانەی بەندیخانەی ئیلام کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ئەم چالاکە مەدەنییە پێشتر بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی تەناهیی نەتەوەیی" و "ئەنجامدانی تاوانی کۆمەڵایەتی" بە دوو ساڵ بەندکرانی داسەپاو بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو مەحکووم کرابوو ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام کرا.

محەممەد دانیالی خەڵكی ئاودانان لە ڕۆژی ٢٤ی بانەمەڕی ١٤٠٣دا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە شاری دێهلوڕان دەسبەسەر کرا و پاش تێپەڕبوونی ٦٠ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٥ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە گرتنگەی ناوەندیی ئیلام ئازاد کرابوو.

ئەم چالاکە مەدەنی – فەرهەنگییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا بە هۆی بێڕێزی پێ کردن، تاشینی قژ و پێڕانەگەیشتن بە دۆسییەکەی دوو جار مانی لە خواردن گرتبوو.

ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.