بۆکان؛ حەسەن کاکایی، هونەرمەندی کورد بانگ و هەڕەشەی لێ کرا کە نابێ بەشداری لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا بکات

٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٣؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئیتلاعاتی بۆکان، حەسەن کاکایی هونەرمەند و گۆرانیبێژی خەڵکی و ناسراوی کوردی خەڵکی بۆکانی چەندین جار بانگ کردووە و هەڕەشەی لێ کردووە کە مافی بەشداریکردنی لە هیچکام لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا نییە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردپای وت: ئەم هونەرمەندە خەڵکییە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە بەردەوامی بانگی ئیتلاعاتی بۆکان کراوە و پاش ماوەیەک ڕاگرتنی لە دۆخێکی ناڕووندا، لە کۆتاییدا ڕۆژی ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ لێپرسینەوەی لێ کراوە. لەم لێپرسینەوەیەدا، بە وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ هەڕەشەی لێ کراوە کە نەتەنیا مافی بەشداری لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی نییە، بەڵکوو تەنانەت چوونەدەرەوە لە ماڵ و سەیرکردنی ڕێوڕەسمەکانی نەورزۆیشی لێ قەدەغە کراوە.
حەسەن کاکایی ساڵی ڕابردووش بە هۆی بەشداری لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی گوندی "ئاڵیکەند" سەر بە شاری بۆکان و وتنەوەی سروودی حەماسیی "ئەی وەتەن" کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەشێوەیەکی بەربڵاو بڵاو بووەوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی بۆکانەوە دەسبەسەر کرابوو.