پەیمان ئیسماعیلپوور بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی بۆکان ئازاد کرا

ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، پەیمان ئیسماعیلپوور هاووڵاتیی کوردی تەمەن ٣٣ ساڵی خەكکی گوندی "حاجی لک" سەر بە شاری بۆکان بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەک، ئەم هاووڵاتییە بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کراوە.
ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، پەیمان ئیسماعیلپوور، بە مەبەستی دانانی بارمتە بۆ ئازادیی کاتیی دووبارە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی بۆکان کرا.
سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی پەیمان ئیسماعیلپوور و پاش پشکنینی ماڵەکەی دەسبەسەریان کرد.
هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی هێرش بۆ سەر ماڵی پەیمان ئیسماعیلپوور شووشەی پەنجەرەی ماڵەکەیان شکاندووە و بە توندوتیژییەوە چوونەتە ماڵەوە.
ئەم هاووڵاتییە کوردە بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی بۆکان ڕاگوێزرا و پاش چەند ڕۆژ بە بێ دانانی بارمتە ئازاد کرا.