سینا دەشمیر لەژێر چاوەدێریی پێبەندی ئێلێکترۆنیکیدا لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرا

ڕۆژی شەممە ١٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، سینا دەشمیر لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و خەڵکی گوندی "گەزگەسک"، سەر بە شاری پیرانشار لەژێر چاوەدێریی پێبەندی ئێلێکترۆنیکیدا لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرا.
ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە باقی ماوەی سزاکەی خۆی لەژێر چاوەدێریی پێبەندی ئێلێکترۆنیکدا و لە دەرەوی بەندیخانە تێپەڕ دەکات.
پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٣، "موجتەبا مەحموودی" دادستانی پیرانشار، لە کاتی پێدانی موورەخەسیی سینا دەشمیردا بە بانگکردنی ناوباو بۆ دادگای پیرانشار خستبوویە ژێر گوشارەوە کە دەبێ ئاڵای کۆماری ئیسلامی لەسەر دەرکەی ماڵەکەی هەڵ بکات و ئەگەر ئەمە نەکا، خۆیان ئاڵاکە هەڵ دەکەن.
پاش خۆبواردنی ئەم بەندکراوە سیاسییە لەم کارە، هێزە ئەمنییەتییەکان بە چوونە بەردەم ماڵەکەی بە هەرەشە ناوبراویان ناچار بە هەڵکردنی ئاڵای کۆماری ئیسلامی لەسەر دەرکەی ماڵەکەی کرد.
ڕۆژی یەکشەممە، یەکی ڕێبەندانی ١٤٠٢، سینا دەشمیر بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکران، ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا.
ئەم هاووڵاتییە کوردە پێشتر لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهاباد، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەمیر ئوجاقلوو" بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٤٠ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی "دروشم نووسین و هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی"، بە ٣٥ ساڵ بەندکران سزا درابوو.
هەروەها سینا دەشمیر لە دۆسییەیەکی دیکەدا سەبارەت بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و تەناهیی گشتی"، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشار بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزا قەهرەمانی ساعەتلوو"، سزای سێ مانگ بەندکران و لێدانی ٤٠ قامچی بە دوور لە چاوی خەڵک و لە شوێنێکی بەستراو جگە لە دەموچاو و سەر، بە پێبژاردنی ٥٠ میلیۆن ڕیال سزای نەختی بە ناوی سندووقی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران گۆڕدرا.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١، ئەم هاووڵاتییە کوردەی بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.
ئەم هاووڵاتییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرابوو.
ڕۆژی سیشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠١، ئەم لاوە کوردە بە دانانی بارمتەی چوار میلیارد تمەنی و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرا.