بۆکان؛ کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی مەسعوود محەممەدی بەڕێوە چوو

ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی مەسعوود محەممەدی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی ئەم شارە بەڕێوە چوو.
لەم کۆبوونەوەیەدا کە ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی ڕەشەمە لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بۆکان بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مێهدی فەخری" بەڕێوە چووە، مەسعوود محەممەدی لە پێوەندی لەگەڵ تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بەرگریی لە خۆی کردووە.
مەسعوود محەممەدی لە ڕۆژی ١٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٣دا بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شوێنی کارەکەی خۆی لە شەقامی "ئازادگان"ی بۆکان و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و دواتر هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی و دەستیان بە پشکنین کرد.
ئەم هاووڵاتییە کوردە بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی بۆکان ڕاگوێزرابوو.
مەسعوود محەممەدی لە ڕۆژی ٣ی سەرماوەزی ١٤٠٣دا بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی بۆکان ئازاد کرابوو.
مەسعوود محەممەدی خەڵکی گوندی "گۆل" سەر بە شاری بۆکانە.