سەرەڕای زاڵبوونی کەشی ئەمنییەتی و بانگکردن و دانانی خاڵی پشکنین نەورۆزی گوێگتەپەی مەهاباد بەڕێوە چوو

20:23 - 17 رەشەمه 2724

ئەمڕۆ ١٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، سەرەڕای زاڵبوونی کەشی توندی ئەمنییەتی، دانانی خاڵی پشکنین، بەکارهێنانی پەهباد بۆ ناسینەوە و بانگکردن و هەڕەشە لە چالاکان، بەندکراوانی سیاسیی پێشوو و خەڵک لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە ئامانجی پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە گوێگتەپەی مەهاباد، ئەم ڕێوڕەسمە بە بەشداریی بەرچاوی خەڵک بەڕێوە چوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ناوەندە ئەمنییەتییەکان و ناوەندە پێوەندیدارەکان لە ڕۆژی ڕابردووەوە بە بانگکردن، گوشار و هەڕەشە لە بەندکراوانی سیاسیی پێشوو، چالاکانی مەدەنی و میدیایی و هەروەها خەڵک، لە هەوڵدا بوون پێش بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورزۆ لە گوێگتەپەی مەهاباد بگرن. لەم پێوەندییەدا بەندکراوانی سیاسیی پێشوو، چالاکان و ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵک بانگی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کرابوون و تەنانەت هەندێکیشیان لێیان درابوو و پێیان ڕاگەیاندبوون کە نابێ لە ڕێوڕەسمی نەورۆزدا بەشداری بکەن.

هەر لەم پێوەندییەدا کۆمەڵێک نامە بۆ شۆرا و دێهیارەکانی شاری گوێگتەپە نێردرابوو کە ڕێوڕەسمەکە هەڵوەشاوەتەوە. تەنانەت هەندێ لە لاپەڕە ئینستاگرامییەکانی مەهاباد بە هەڕەشە ناچار کرابوون کە هەواڵی هەڵوەشانەوەی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە گوێگتەپە بڵاو بکەنەوە.

هەروەها دوێنێ شەو هێزە ئەمنییەتی و نیزامییەکان کەشێکی ئەمنییەتیی توندیان بەسەر گوێگتەپەدا زاڵ کردبوو و بە وتەی هەندێ سەرچاوە "دوێنێ شەو گوێگتەپە پڕ لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بووە."

ئەمڕۆ هەینی ١٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتی و نیزامییەکان لە ڕێگا سەرەکییەکانی شاردا جێگیر کرابوون و بە دانانی خاڵی پشکنین هەوڵیان دا خەڵک لە ڕۆیشتن بە نەورۆزی گوێکتەپە پاشگەز بکەنەوە. بەڵام بە هۆی هاتنی ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک بۆ بەشداری لەم ڕێوڕەسمەدا، هێزە ئەمنییەتی و نیزامییەکان نەیانتوانی پێش بە بەڕێوەچوون و بەشداریی خەڵک لەم ڕێوڕەسمەدا بگرن.

لە درێژەی گوشارەکان بۆ پێشگرتن لە درێژەدانی ڕێوڕەسمی نەورۆزی گوێگتەپە، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بەکارهێنانی پەهباد دەستیان بە هەڵگرتنی ڤیدیۆ لە خەڵک کرد تاکوو کەشی ئەمنییەتی بەسەر ڕێوڕەسمەکەدا زاڵ بکەن و خەڵکەکە بترسێنن.

گوێکتەپە شارێکە کە لە بەشی ناوەندیی مەهاباد لە پارێزگای ورمێ هەڵکەتووە.

نەورۆز لە کوردستان بە دابونەریتێکی تایبەتەوە بەڕێوە دەچێت کە نیشاندەری پێشینەی مێژوویی و فەرهەنگیی ئەم ناوچەیە. یەکێک لە سەرەکیترین ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە کوردستان، هەڵکردنی ئاگر و هەڵپەڕكێیە. خەڵک بە لەبەرکردنی جلوبەرگی ڕەنگامەی کوردی، لە دەوری ئاگرەکەدا کۆ دەبنەوە و شایی و هەڵپەڕکێ دەگێڕن.

نەورۆز بۆ نەتەوەی کورد تەنیا دەسپێكی ساڵی نوێ نییە، بەڵکوو هێمایەک لە بەرخودان، ئازادی، پێکەوەبوون و شوناسی نەتەوەییە.

حکوومەتی ئێران بە هۆی پێوەندیی نەورۆز لەگەڵ شوناسی نەتەوەیی و بەرخودانی نەتەوەی کورد، بەنیسبەت بەڕێوەچوونی لە کوردستاندا هەستیارە. کۆبوونەوەی بەربڵاو، لایەنە سیاسییەکانی ئەم جێژنە و ڕۆڵی لە بەهێزکردنەوەی پێکەوەبوونی کورد لە هۆکارەکانی ئەم هەستیاربوونەیە. هەڵسوکەتی ئەمنییەتی لەمبارەوە، سنووردارکردنی بەشداری لەم ڕێوڕەسمە، دەسبەسەرکردنی چالاکان، بەشداریی بەربڵاوی هێزە ئەمنییەتییەکان و پێشگرتن لە بەکارهێنانی هێما تایبەتەکانی کوردستان لەخۆ دەگرێ. بەم حاڵەوە خەڵکی کوردستان هەموو ساڵێک نەورۆز وەکوو هێمای شوناس و بەرخودانی خۆیان بەڕێوە دەبەن.