دێهلوڕان؛ بانگکردنی ئەکبەر دەرویشی بۆ ئیتلاعات و داخستنی کافەکەی بە هۆی پشتیوانی لە کیانووش چراغی بەندکراوی سیاسی

١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٣؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ئەکبەر دەرویشی لە دەسبەسەکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە دێهلوڕان بە هۆی پشتیوانی لە کیانووش چراغی، بەندکراوی سیاسی بانگی ئیتلاعات کراوە و کافەکەی داخراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، ئەکبەر دەرویشی لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە دێهلوڕان و لە کەسایەتییە ناسراوەکانی فووتباڵ بە هۆی پشتیوانی لە کیانووش چراغی بەندکراوی سیاسیی مانگرتوو، بانگی ئیتلاعاتی دێهلوڕان کرا و کافەکەی بە ناوی "green cafe" داخرا.
ئەکبەر دەرویشی تەمەن ٣٩ ساڵ، خەڵکی دێهلوڕان سەر بە پارێزگای ئیلامە. ناوبراو لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لە ڕۆژی ١٠ی بەفرانباری ١٤٠١ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسە کرا و ڕۆژی ٣٠ی بەفرانباری ١٤٠١ بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. ئەکبەر دەرویشی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ٩٨یشدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە دێهلوڕان دەسبەسەر کرابوو.
کیانووش چراغی، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی دێهلوڕان و لە دەسبەسرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییە کە تاکوو ئێستا دوو جار مانی لە خواردن گرتووە. دوو جار مانگرتن لە خواردنی ناوبراو بە شێوەی بەردەوام بووە و ناوبراو ئێستا لە بەندیخانەی دەرەڕشاری ئیلامدا مانی لە خواردن گرتووە.
کیانووش چراغی جاری یەکەم هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکرانی لە ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ هەتا ٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، لە بەندیخانەی ئیلامدا مانی لە خواردن گرتبوو. ناوبراو بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە هەڵوەشانەوەی بڕیاری پێبەندی ئێلێکترۆنیکی، هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و دەسبەسەرکردن و نواندنی توندوتیژی بەرانبەر بەم بەندکراوە لە کاتی ڕاگواستنی بۆ بەندیخانەی ئیلام مانی لە خواردن گرتبوو.
ناوبراو پاش ٩ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن و راگوێزران بۆ نەخۆشخانە؛ بە بەڵێنی پێڕاگەیشتن بە داواکارییە یاساییەکانی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا، بەڵام ڕۆژی ١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ سەرلەنوێ و دوابەدوای ڕاگوێزرانی بۆ بەندیخانەی دەڕەشاری ئیلام بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو و وڵامنەدانەوەی داواکارییەکانی مانی لە خواردن گرت.