بۆکان؛ پەیمان ئیسماعیلپوور بە مەبەستی دانانی بارمتە بۆ ئازادیی کاتی دیسانەوە دەسبەسەر کرا

20:13 - 16 رەشەمه 2724

ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، پەیمان ئیسماعیلپوور، هاووڵاتیی کوردی تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی گوندی "حاجی لک" سەر بە شاری بۆکان، دیسانەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی بۆکان کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ پەیمان ئیسماعیلپوور کە پێشتر لە کۆتاییەکانی ڕێبەنداندا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و دوای چەند ڕۆژ بە بێ دانانی بارمتە ئازاد کرابوو، ڕۆژی ١٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ دیسانەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و بە بڕیاری یەکێک لە دادوەرەکانی دادسەرا دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی بۆکان ڕاگوێزرا و دادوەرەکە وتوویەتی ئەمجارە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کاتی بەڕێوەچوونی دادگا ئازاد دەکرێت.

سەرلەبەیانی پێنجشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵی پەیمان ئیسماعیلپوور و پاش پشکنینی ماڵەکەی دەسبەسەریان کرد. هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی هێرش بۆ سەر ماڵی پەیمان ئیسماعیلپوور شووشەی پەنجەرەی ماڵەکەیان شکاندووە و بە توندوتیژییەوە چوونەتە ماڵەوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی بۆکان ڕاگوێزرا و پاش چەند ڕۆژ بە بێ دانانی بارمتە ئازاد کرا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدروەکان دژی پەیمان ئیسماعیلپوور، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.