سنە؛ ئایدا عەموویی، چالاکی مەدەنی و چالاکی بواری ژنان بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

02:01 - 17 رێبەندان 2724

ڕۆژی دووشەممە ١٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، ئایدا عەموویی، چالاکی مەدەنی و چالاکی بواری ژنانی خەڵکی شاری سنە بە دانانی بارمتەی شەش میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی ئەم شارە ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چالاکە مەدەنییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ئەم سەرچاوەیە وتی: ڕۆژانە ئەم چالاکە مەدەنییە بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە ڕادەگوێزرا و شەوانە دەگەڕێندرایەوە بۆ بەندی ژنانی کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنە.

ڕۆژی شەممە ٢٩ی بەفرانباری ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم چالاکە مەدەنییەیان لە شوێنی کارەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرد.

ئایدا عەموویی لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە هەڕەشەی لێ کرابوو و بانگ کرابوو و تەنانەت ناوەندە ئەمنییەتییەکانیش بە هەڕەشە و گوشار پێشیان بە بەشداریی ناوبراو لە کۆبوونەوەی ژنان و چالاکانی مەدەنیی سنە لە بەردەم دادگوستەریی ئەم شارە بۆ مەحکوومکردنی سزای پەخشان عەزیزی کردبوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئایدا عەموویی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.