ئەحمەد عەلیزادە، مامۆستای بەپێشینەی خەڵکی ئاودانان بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای دوو ساڵ نیشتەجێبوونی زۆرەملێ ڕەوانەی شاری فەنووج کرا

19:03 - 28 رێبەندان 2724

ڕۆژی شەممە ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، ئەحمەد عەلیزادە مامۆستای بە پێشینە و چالاکی سێنفیی ناسراوی خەڵکی ئاودانان بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای دوو ساڵ نیشتەجێبوونی زۆرەملێ ڕەوانەی شاری فەنووج لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چالاکە سێنفییەی مامۆستایانی ئاودانان پاش گەیشتن بە فەنووج خۆی بە دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئەم شارە دەناسێنێ.

جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٣، ئەحمەد عەلیزادە لەژێر چاوەدێریی پێبەندی ئێلێکترۆنیکدا لە بەندیخانەی دەڕەشار ئازاد کرا.

ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، ئەحمەد عەلیزادە بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی خۆی بە بەندیخانەی ئیلام ناساند و ڕەوانەی ئەم بەندیخانەیە کرا.

ئەحمەد عەلیزادە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئیلامەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەجەب محەممەدی" بە بەندکران و سزای تەواوکەر مەحکووم کرابوو.

دادگا ئەم مامۆستای وەرزشەی قوتابخانە دواناوەندییەکانی ئاودانانی بە تۆمەتی پێکهێنانی دەستە  و گرووپی زیاتر لە دوو کەسی بە مەبەستی تێکدانی تەناهیی وڵات" و "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە شەش ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکرانی داسەپاو، ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکرانی داسەپاو ، دوو ساڵ دوورخرانەوە لە کارەکەی، دوو ساڵ نیشتەجێبوونی زۆرەملێ لە شاری فەنووج سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان و قەدەغەکردنی چالاکی لە سۆشیاڵ میدیا بۆ ماوەی دوو ساڵ مەحکوم کردبوو. ئەم حوکمە ڕۆژی شەممە ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠١ بەم مامۆستایە ڕاگەیەندرا.

خەرمانانی ١٤٠١یش، ئەحمەد عەلیزادە لەلایەن لێژنەی سەرەتایی پێڕاگەیشتن بە سزا ئیدارییەکانی فەرمانبەرانی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای ئیلام، بە تۆمەتەکانی "تێکدانی نەزمی گشت، سەرپێچیکردن لە مەئمووران لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەرک، تێکدان و ئاگرکردنەوە لە نێو شار و پێشەنگایەتیی حەشیمەت بۆ تێکدانی تەناهیی وڵات" بە خانەنشینبوون و کەمکردنەوەی ٢ گرووپ سزا درابوو.

ئەحمەد عەلیزادە شەوی دووشەممە ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠١ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ئەم مامۆستایە ڕۆژی شەممە ١٧ی بەفرانباری ١٤٠١یش پاش بانگکران بۆ دادگوستەریی ئەم شارە بە بڕیاری دادستان دەسبەسەر کرابوو و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام ڕاگوێزابوو.