هەڵوەشانەوەی بڕیاری پێبەندی ئێلکترۆنیکیی کیانووش چراغی لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ئیلامەوە

لقی ٦ی دادگای پێداچوونەوەی ئیلام، بڕیاری هەڵوەشانەوەی سزای پێبەندی ئێلێکترۆنیکیی کیانووش چراغی، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی دێلوڕان و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیی دا.
دادگای پێداچوونەوەی ئیلام لە ڕۆژی ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، ئەم بڕیارەی بۆ کیانووش چراغی دەر کردووە و بەپێی بەڵگەی بانگکردنێک کە ڕۆژی ٢٤ی ڕێبەندان بەم هاووڵاتییە گەیشتووە، ناوبراو ٥ ڕۆژ دەرفەتی هەیە کە مەبەستی جێبەجێکرانی بڕیارەکەی و تێپەڕاندنی درێژەی سزاکەی، خۆی بە بەندیخانە بناسێنێ.
ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕایگەیاندبوو کە ڕەوتی هەڵوەشانەوەی بڕیاری پێبەندەکە بە "نایاسایی و نادادپەروەرانە" دەزانێت و هاوکات لەگەڵ چوونەوە بۆ بەندیخانە مان لە خواردن دەگرێت.
ماوەیەک پێش ئەم هاووڵاتییە لەژێر چاوەدێریی پێبەندی ئێلێکترۆنیکدا لە بەندیخانەی ئیلام ئازاد کرابوو.
ڕۆژی شەممە ٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، کیانووش چراغی، پاش بانگکران بۆ لقی جێبەجێکاری سزاکانی ئەم شارە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ئیلام کرا.
ئەم هاووڵاتییە، ڕەزبەری ١٤٠٢ لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئیلام و هەڵکەوتوو لە دێهلۆڕان بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەید ڕەزا سەلاحەدینی" بە تۆمەتی چالاکیی تەبلیغی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران"، بە یەک ساڵ بەندکرانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو سزا درابوو.
هەروەها لە ڕۆژی ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٢دا، کیانووش چراغی بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی درۆ بە مەبەستی تێکدانی بیری گشتی لە ڕێگەی سامانەی کامپیۆتری" لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی شاری دێهلۆڕانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "حوسێن پەناهی" بە دوو ساڵ بەندکرانی تەعزیری و نووسینی ٢٠٠ لاپەڕە لە بەسەرهات، ڕاسپاردە و لێکۆڵینەوە سەبارەت بە ١٠ کەس لە کوژراوانی شەڕی نێوان ئێران و عێراق بە دەستوخەتی خۆی کە لەلایەن بونیادی پاراستن و بڵاوکردنەوەی بایەخەکانی دفاعی موقەدەسی پارێزگای ئیلام پشتڕاست کرابێتەوە، سزا درا.
شەوی سێشەممە، ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٢، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و بە توندوتیژییەوە ناوبراویان دەسبەسەر کرد.
ئەم هاووڵاتییە کوردە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرابوو.
ئەم فەرمانبەرە پێشووەی تەئمین ئێجتماعیی دێهلۆڕان ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی ڕەزبەری ١٤٠١یش لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش چەند ڕۆژ ئازاد کرابوو.