بەندیخانەی سنە؛ ئیبراهیم محەممەدی، بەندکراوی سیاسیی کورد لە هەشتەمین ڕۆژی مانگرتنەکەیدا ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرا

10:44 - 23 رێبەندان 2724

ڕۆژی شەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، ئیبراهیم محەممەدی، بەندکراوی سیاسیی مەحکووم بە ١٢ مانگ بەندکران لە هەشتەمین ڕۆژی مانگرتنەکەی خۆیدا لە بەندیخانەی سنەوە بۆ ژوورێکی تاکەکەسیی ئەم بەندیخانەیە ڕاگوێزرا.

ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە کە لە ڕۆژی ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠٣ بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی سنە کرابوو، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە گوشاری ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکان بۆ سەر ئەندامانی بنەماڵەکەی، سزای دەرکراو دژی خۆی و ڕاگرتنی سەروویاسایی خۆی لە بەندیخانە، لە مانگرتندایە.

ڕۆژی ٢٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی دادڕەس "محەممەد کەرەمی"، ئیبراهیم محەممەدیی بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام بە ١٢ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا دا. پێداچوونەوەی ئەم سزایە ڕۆژی ٢١ی جۆزەردانی ١٤٠٣ لەلایەن لقی ١٣ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سادق حاتەمی" و ڕاوێژکاریی "فەرەیدوون ڕۆستەمی" ڕەت کرایەوە و وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.

بنەماڵەی محەممەدی (پێکهاتوو لە باوک و سێ منداڵی بنەماڵەکە) لە ساڵی ١٣٨٩ هەتا ئێستا چەندین جار دەسبەسەر کراون و لەگەڵ سزا و دۆسییەسازیی ئەمنییەتی بەرەوڕوو بوونەتەوە. سیروان و مورتزا محەممەدی لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە سنەن کە چەند جار دەسبەسەر کراون. لە کاتی دەسبەسەرکرانی توندوتیژانەی باوکی بنەماڵەکەدا ڤیدیۆیەک لە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەیان بڵاو کراوەتەوە کە بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بە بێ هیچ بەڵگەیەک ئەوەیان پێوەند داوە بە ئیبراهیم محەممەدییەوە و بەم بۆنەوە سزایان بۆ دەر کردووە.

محەممەدجەعفەر محەممەدی باوکی بنەماڵە و سیروان، مورتزا و ئیبراهیم منداڵانی ئەم بنەماڵەیەن.

ئیبراهیم محەممەدی، کوڕی بنەماڵە، پێشینەی دەسبەسەرکران و لێدان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی هەیە؛ 

ـ سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ١١ی بەفرانباری ١٤٠٢، هێزە ئەنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی مورتزا محەممەدی لە گەڕەکی "حەسەناوا"ی سنە و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەریان کرد. ئیبراهیم محەمەدیش کە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ چارەنووسی براکەی سەردانی لقی یەکی لێپرسینەوەی دادگای ئینقلابی سنەی کردبوو لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

_ـ ئەم دوو برایە ڕۆژی شەممە ١٦ی بەفرانباری ١٤٠٢، پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزران. لە کۆتاییدا ڕۆژی ١٧ی بەفرانباری ١٤٠٢ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کران.

ـ ئیبراهیم محەممەدی ڕۆژی ١٦ی ڕێبەندانی ١٤٠١یش لە کاتی دەسبەسەرکرانی سیروانی برایدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە کەوتبووە بەر لێدان.
ـ پێشتر لە ڕۆژی ٢٣ی ڕێبەندانی ١٣٩٨دا ئیبراهیم محەممەدی دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا. لە کاتی دەسبەسەرکرانی ئیبراهیمدا، هێزە ئەمنییەتییەکان دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکەی ئیبراهیمیان شکاندبوو و دەستیان بە تێکدان و خراپکردنی کەلوپەلی نێو ماڵەکەی کردبوو و هەروەها هەندێ کەلوپەلی کەسیی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردبوو.

سیروان محەممەدی، کوڕی بنەماڵە و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کە چەندین جار دەسبەسەر کراوە؛

٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١؛ سیروان محەممەدی لە ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی ئەمنییەتیی شارامفەری سنە ڕاگوێزرا. ناوبراو پاش دوو مانگ ئەشکەنجە و لێپرسینەوە لە ڕۆژی ١٧ی بەفرانباری ١٤٠١دا بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. وێنەی سی تی سکەنی ئەشکەنجەدرانی ناوبراو لە کوردپادا بڵاو کراوەتەوە.

ڕۆژی یەکی سەرماوەزی ١٤٠١، دۆسییەی سیروان محەممەدی بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم  و ئاسایشی گشتی" لە دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنەدا تۆمار کرا.
ڕۆژی ١٦ی ڕێبەندانی ١٤٠١؛ سیروان محەممەدی سەرلەنوێ بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا. هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی سیرواندا، براکەی بە ناوی "ئیبراهیم محەممەدی"یان دایە بەر لێدان و توندوتیژی.

١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١؛ پاش مانگرتن لە خواردن و ڕاگواستنی بۆ بەندیخانەی سنە، سیروان محەممەدی بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی و براکەی مورتزا بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە بەندیخانەی سنە ئازاد کران. لێپرسی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە ئەم دوو برایەی بە "کۆبوونەوە و تەبانی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهیی نێوخۆیی و تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" تۆمەتبار کردووە.

مورتزا محەممەدی، کوڕی بنەماڵە و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کە چەند جار دەسبەسەر کراوە؛

ـ ڕۆژی یەکی ڕەشەمەی ١٤٠١؛ مورتزا محەممەدی بە تۆمەتی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنەدا لێپرسینەوەی لێ کرا.

 ناوبراو ڕۆژی ٤ی ڕەشەمەی ١٤٠١، لە لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە بە "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی" تۆمەتبار کرا.

ـ ڕۆژی ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠١ مورتزا محەممەدی لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاند کە لە سەرەتای دەسبەسەرکرانیەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنەدا مانی لە خواردن گرتووە. ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.
ناوبراو ڕۆژی ١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١، لەگەڵ براکەی پاش مانگرتن لە خواردن بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.

ـ سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ١١ی بەفرانباری ١٤٠٢، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی مورتزا محەممەدی لە گەڕەکی "حەسەناوا"ی سنە و بە توندوتیژییەوە ناوبراویان دەسبەسەر کرد. ئیبراهیم محەممەدیش کە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ چارەنووسی براکەی بانگی لقی یەکی لێپرسینەوەی دادگای ئینقلابی سنە کرابوو لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
ـ ئەم دوو برایە ڕۆژی شەممە ١٦ی بەفرانباری ١٤٠٢، پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزران. لە کۆتاییدا ڕۆژی ١٧ی بەفرانباری ١٤٠٢، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کران.

پێشتر لە ٢٨ی بانەمەڕی ١٤٠٠؛ مورتزا محەممەدی لەگەڵ چوار چالاکی مەدەنیی خەڵكی سنە بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کرا. ئەم کەسانە پێش دەسبەسەرکران بانگی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کرابوون. ئەوان لە کەمپەینە خەڵکی و مەدەنییەکانی سنەدا چالاکیان هەبوو.

محەممەدجەعفەر محەممەدی، باوکی بنەماڵە؛

ڕۆژی ٤ی بەفرانباری ١٤٠٢؛ "محەممەدجەعفەر محەممەدی" تەمەن ٥٥ ساڵ، کوڕی تۆفیق و دانیشتووی گەڕەگی "حاجیاوا"ی سنە بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ناوبراودا ماڵەکەیان تێک دابوو. ڤیدیۆی هێرشی هێزە ئەمنیەتییەکان بۆ سەر ماڵی ناوبراو بڵاو کرایەوە و بە میدیایی کرا.

ڕۆژی ٩ی بەفرانباری ١٤٠٢؛ کوردپا بڵاوی کردەوە کە ڕۆژی ٥ی بەفرانباری ١٤٠٢، ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ناڕەزایەتیدەربڕین بە دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی لە گرتنگەی پۆلیسی ئیتلاعات و ئەمنییەتی سنەدا مانی لە خواردن گرتووە.
ڕۆژی ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٢؛ "محەممەدجەعفەر محەممەدی" بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی و بە سێوەی کاتی لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کرا.

ناوبراو پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەی پۆلیسی ئیتلاعات و ئەمنییەتی سنەوە بۆ بەندیخانی سنە ڕاگوێزرا و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کرابوو.