بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی مێهدی جەوانمەردی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی دێولان لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنە

21:59 - 14 رێبەندان 2724

١٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٣؛ مێهدی جەوانمەردی چالاکی مەدەنیی خەڵكی دێولان کە زیاتر لە یەک حەفتەیە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە، بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنە ڕاگوێزرا و سەبارەت بە چارەنووسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، مێهدی جەوانمەردی کە پاش دەسبەسەرکران بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنە ڕاگوێزرابوو، تاکوو ئێستا لە مافی چاوپێکەوتن و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و بە تێپەڕبوونی یەک حەفتە سەبارەت بە چارەنووسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، فەرهاد زەندی و مێهدی جەوانمەردی، لە چالاکانی مەدەنیی دێولان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

مێهدی جەوانمەردی لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییە کە  بە ٦٩ مانگ بەندکرانیش سزا درابوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو چالاکە مەدەنییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.