یووسف کەرامەت بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکران ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا

00:52 - 20 رێبەندان 2724

ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "یووسف (ئێحسان) کەرامەت" تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی نەغەدە، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە لەلایەن دادگای ئینقلابی نەغەدەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە شەش مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درابوو.

یووسف کەرامەت پێشتر لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە کاتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا دەسبەسەر کرابوو و بۆ ماوەی حەفتەیەک لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە ئەشکەنجە درابوو.