کامران ساختمانگەر، چالاکی کرێکاری و بەندکراوی سیاسیی پێشوو لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

12:01 - 18 رێبەندان 2724

ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، کامران ساختمانگەر، چالاکی کرێکاری و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی سەقز، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ئەم چالاکە کرێکارییە لە شەقامی "جامی"ی شاری سنە بە بێ بەڵگەی دادوەری لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم چالاکە کرێکارییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ڕۆژی دووشەممە، ٦ی سەرماوەزی ١٤٠٢، کامران ساختمانگەر، چالاکی کرێکاری، پاش ئامادەبوون لە لقی ٤ی جێبەجێکاری سزاکانی سنە، دەسبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی ڕەوانەی زیندانی سنە کرا.

کامران ساختمانگەر، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەدا، لە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی" بێ‌تاوان ناسرابوو و بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و وتووێژ لەگەڵ کاناڵە تلویزیۆنییەکان" بە ٣ مانگ زیندانی تەعزیری و سزای نەختی مەحکووم کرابوو.

دادگا بە پشتبەستن بە ماددە یاساییەکان و دۆخی جەستەیی و بەڵگەی پزیشکیی ئەم چالاکە کرێکارییە لە دۆسییەکەیدا، ٣ مانگ زیندانی تەعزیریی ناوبراوی بۆ سزای نەختی گۆڕی و ناوبراوی سەرجەم بە ٣٤ میلیۆن تمەن سزای نەختی مەحکووم کرد.

ئەم چالاکە کرێکارییە، پێشتر بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە کۆمەڵە و چالاکیی تەبلیغی دژی نیزام" بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو و پاش کەمکردنەوەی ئەم حوکمە بۆ ٢٨ مانگ، لە ڕێکەوتی یەکی خاکەلێوەی ١٤٠٢دا، لە زیندانی سنە ئازاد کرابوو.