مەهاباد؛ دەسبەسەرکرانی دوو مێرمنداڵ لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

12:19 - 15 بەفرانبار 2724

ڕۆژی سێشەممە ١١ی بەفرانباری ١٤٠٣، دوو مێرمنداڵی کورد بە ناوەکانی "ڕزگار مەولوودی" تەمەن ١٧ ساڵ و "کامیار ئیزەدی" تەمەن ١٧ ساڵ خەڵکی گوندی "سەهۆڵان" سەر بە شاری مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو مێرمنداڵە پاش بانگکران و ئامادەبوون لە ئیتلاعاتی مەهاباد دەسبەسەر کراون.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم دوو مێرمنداڵە کوردە پاش دەسبەسەرکران بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزراون.

ئەم سەرچاوەیە وتیشی: هێزە ئەمنییەتییەکان ڕۆژی دووشەممە ١٠ی بەفرانبار، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ڕزگار مەولوودی و ماڵەکەیان پشکنیوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو مێرمنداڵە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: ڕزگار مەولوودی و کامیار ئیزەدی