بە بانگکرانی عەلی ئەڵڵاوەیسی، ژمارەی دەسبەسەکراو و بانگکراوانی سنە گەیشتە ١٨ کەس

01:50 - 9 رێبەندان 2724

بە بانگکرانی عەلی ئەڵڵاوەیسی چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، ژمارەی دەسبەسەکراو و بانگکراوانی سنە لە پێوەندی لەگەڵ مانگرتنی گشتیی ڕۆژی ٣ی ڕێبەندان دژی سزای سێدارە، گەیشتە ١٨ کەس.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، عەلی ئەڵڵاوەیسی چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشوو لە پێوەندی لەگەڵ مانگرتنی گشتیی دژی سزای سێدارە بانگی ئیتلاعاتی سنە کراوە و لێپرسینەوەی لێ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان کە بە کوردپا گەیشتوون، لە ٢٩ی بەفرانبارەوە هەتا ٨ی رێبەندانی ١٤٠٣، تاکوو ئێستا ١٣ هاوولاتیی خەڵکی سنە دەسبەسەر کراون و ٥ کەسی دیکەش بانگی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کراون.

ڕۆژی شەممە ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، پەیام فەتحی چالاکی کرێکاریی خەڵكی سنە بانگی ئیتلاعاتی سنە کرا و لێپرسینەوەی لێ کرا.

٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٣؛ کەماڵ ئاخرەتی هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی مانگرتنە سەرتاسەرییەکانی ٣ی ڕێبەندان لە ناڕەزایەتیی بە سزای سێدارە لە شوێنی کارەکەیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتیەکانەوە بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کرا و تاکوو ئێستا سەبارەت بە شوێنی دەسبەسەرکران و چارەنووسی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ڕۆژی ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، فەرانەک ڕەفیعی، چالاکانی مەدەنی و کرێکاری خەڵکی سنە بانگی ئیتلاعاتی سنە کرا و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر لێپرسینەوە و هەڕەشەی لێ کرا.

فەرانەک ڕەفیعی لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییە کە لە ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠١ لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا دەسبەسەر کرا و ڕۆژی یەکی خەزەڵوەری ١٤٠١ بە دانانی بارمتە لە کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنە ئازاد کرا.

کوردپا هەروەها لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە لە ڕۆژانی ٢٩ی بەفرانبارەوە هەتا ٤ی ڕێبەندان، بەگشتی ١١ هاووڵاتیی کورد دەسبەسەر کراون. جەلیل محەممەدی، محەممەد سەیف پەناهی، سینا ڕەزایی، ئەمجەد گۆریاخیز، نەعیم دووستی، محەممەد ئەتڵەسی، ئومید محەممەدی، هێرش ناوگرانزادە، ئەسعەد غەفووری و ئایدا عەموویی ناوی ئەم کەسانەیە.

٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٣؛ سوهەیلا مەتاعی چالاکی مەدەنیی خەڵکی دێولان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش ئەوەی کە دۆسییەی بۆ کرایەوە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. سوهەیلا مەتاعی کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازدیدا دەسبەسەر کرابوو، لە ڕۆژی ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣دا هاوکات لەگەڵ مانگرتنی گشتی دژی سزای سێدارە، دوابەدوای چوونەدەرەوە لە ماڵەکەی لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و هەمان ڕۆژ لە دادگادا دۆسییەی بۆ کرایەوە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژی ٤ی ڕێبەندان ڕەفیق کەریمی لە ئەندامانی گرووپی شاخەوانیی "چلچەمە" و چالاکی کرێکاری لەلایەن ئیتلاعاتەوە بانگ کرا و هەڕەشەی لێ کرا.

ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "پارسا ڕەحیمی" خەڵكی سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "پارسا ڕەحیمی" خەڵكی سنە بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا و سەبارەت بە چارەنووسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە. ئەم هاووڵاتییە لە سەندیکای کەوشفرۆشەکانی بازاڕی سنەیە و بە هۆی پەیوەستبوون بە مانگرتنی گشتی دژی سزای سێدارە دەسبەسەر کراوە.

ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە کوردپا گەیشتوون باس لەوە دەکەن کە ژمارەی دەسبەسەرکران و بانگکرانەکان زیاتر لەوە بووە و درێژەی هەیە.

ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، دوابەدوای بانگەوازی حیزبە کوردستانییەکان دژی سزای سێدارە لە زۆربەی شارەکانی کوردستان لەوانە سنە، مەهاباد، سەقز، دیواندەرە، مەریوان و ... مانگرتنی بەرینی کاسبکار و بازاڕییان بەڕێوە چوو.