سزای لەسێدارەدانی سەیوان یەعقووبی لە بەندیخانەی سنە جێبەجێ کرا

21:35 - 27 بەفرانبار 2724

سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٣، سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێک بە ناوی "سەیوان یەعقووبی" تەمەن ٣٦ ساڵ و کوڕی عەبدولسەمەد لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی بەفرانبار بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدان، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم بەندکراوە سێ ساڵ پیش ئێستا بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" دەسبەسەر کراوە و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە بە لەسێدارەدران سزا دراوە.

سەیوان یەعقووبی خەڵکی گوندی "بێساران" سەر بە شاری سەولاوا بووە.

تاکوو ئێستا هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم بەندکراوە لەلایەن ناوەندە فەرمییەکان و میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.