سنە؛ ناڕەزایەتیی دایکانی مافخواز بە پشتڕاستکرانەوەی حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی

12:07 - 25 بەفرانبار 2724

٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٣؛ دایکانی مافخوازی سنە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک و ئامادەبوون لەسەر مەزاری ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی، خوێندکاری گیانلەدەستداو لە گرتنگە، سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزییان مەحکووم کرد و خوازیاری ئازادیی بەندکراوانی سیاسی لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی بوون.

لە بەشێک لەم بەیاننامەیەدا هاتووە؛ بە لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، ژن، ژیان، ئازادی لە مەترسیدایە و لە هەموو ڕێکخراوە مافی مرۆیی و ژیاندۆستەکان داواکارین پێش بە قەتڵێکی دیکە بگیردرێت تاکوو خوێ بە برینی ئێمە بنەماڵە مافخوازەکاندا نەکرێ؛ ئێمە هێشتا داخی منداڵە کوژراوەکانمان لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیمان لەسەر دڵ ماوەتەوە.

لە بەشێکی تر لەم بەیاننامەیەدا بنەماڵە مافخوازەکان خوازیاری یەکگرتوویی خەڵک بۆ پێشگرتن لە لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و ئازادیی بەندکراوانی سیاسین و دەڵێن ئەم سزایانەی سەرکوتی سیستماتیک بە قازانجی حکوومەت نییە و ناتوانن خەڵکی کوردستان چاوترسێن بکەن.

دەقی تەواوی بەیاننامەی مافخوازەکانی کوردستان؛

"نە بۆ ئیعدام، بەڵێ بۆ ژیان…

لە ئێستادا کە ژن و ژیان و ئازادی لە مەترسیدایە، ژنێک  ناوی "پەخشانە" و دەیانەوێ ژیان و ئازادیی لێ بستێنن.

ڕێكخراوە مرۆڤدۆستەكان، ڕێكخراوە ژیاندۆستەكانی جیهان، كوردستان هەڵگری زامێكی تر نییە.

ئێمە وەک بنەماڵەی داخدار و جەرگسووتاوی كوردستان دەزانین جەرگبڕان چەندە بە ژانە. بەداخەوە گیانی پەخشان عەزیزی لە مەترسیدایە و دەسەڵات لە ئێران دەیهەوێ بە ناحەق ئیعدامی بكات. ئێمە داوامان لە هەموو ئێوەیە، پێش بە قەتڵێكی تر  بگرن و نەهێڵن پەخشان لە سێدارە بدرێ.

ئەم ماوەیە بە ناحەق سەدان كچ و كوڕمان گیران و چارەنووسیان نادیارە، ئەمە ناحەقییەكی گەورەیە بە سەر خەڵكی كوردستاندا، لە كاتێكدا كوردستان هێشتا زامی گیانبەختكردنی سەدان كچ و كوڕی ئێمەی كە لە شۆڕشی “ژن ژیان ئازادیدا “كوژران، بۆ تیمار نەكراوە.

ئەم گرتن و گوشار و سزای ئێعدامانە زامەكانی ئێمە ئەوەندەیتر دەكولێنێتەوە.

داوامان لە خەڵكی كوردستانە دەست بخەینە ناو دەستی یەک، پێش بە ئیعدامی "پەخشان" بگرین و هەروەها داوای ئازادیی هەموو ڕۆڵە گیراوەكانمان بكەین.

ئێمە وەک بنەماڵەی مافخواز و بنەماڵەی زیندانییانی سیاسی لە كوردستان داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای ناڕەوای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی  و هەروەها ئازادكردنی هەموو زیندانییانی سیاسی دەكەین و وە هەر لێرەوە خۆمان بە پاڵپشتی بنەماڵەكانیان دەزانین.

بێگۆمان ئەم شێوازی سەرکوت و ئێعدامی سیستیماتیکەی خەڵکی  بێتاوانی کوردستان بە قازانجی دەسەڵات لە ئێراندا نییە و كوردستانیش بەمە چاوترسێن ناكرێت.

نە بۆ سێدارە

بەڵێ بۆ ژیان و ئازادیی زیندانییانی سیاسی"

ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی میرەکی خوێندکاری ساڵی ئاخری یاسا لە زانکۆی پەیام نووری سنە بوو. ناوبراو لە ڕۆژی ١٦ی بەفرانباری ١٣٨٦ لە بەردەم بینای زانکۆی پەیام نووری سنە لەلایەن هێزەکانی ستادی خەبەریی وەزارەتی ئیتلاعاتی سنەوە دەسبەسەر کرا وو ٩ ڕۆژ دواتر هەر لەم گرتنگەیەدا گیانی لەدەست دا. هێزە ئەمنییەتییەکان مەرگی ناوبراویان بە خۆکوژی ڕاگەیاند، بەڵام بنەماڵەکەی مەرگی ناوبراویان قەتڵ ڕاگەیاند و خوازیاری وڵامدەربوونی حکوومەتن.