ماوەی سزای جەماڵ عەلیزادە کۆتایی پێ هات

21:39 - 23 بەفرانبار 2724

ڕۆژی شەممە ٢٢ی بەفرانباری ١٤٠٣، سزای جەماڵ عەلیزادە، چالاکی مەدەنیی خەڵکی پیرانشار کۆتایی پێ هات.

جۆزەردانی ١٤٠٣، سزای ئەم چالاکە مەدەنییە گۆڕدرا بۆ زیندانی باز و بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکی ماوەی سزاکەی خۆی لە دەرەوەی زیندان تێدەپەڕاند.

ئەم چالاکە مەدەنییە لە قۆناغەکانی دادڕەسیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و پاش جێبەجێکرانی حوکمەکەشی، دادستانی پیرانشار ئیزنی گرتنی پارێزەری پێ نەداوە.

ڕۆژی سیشەممە، ٧ی خەرمانانی ١٤٠٢، جەماڵ عەلیزادە بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی، ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا.

ئەم چالاکە مەدەنییە، خاکەلێوەی ١٤٠٢، لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئوجاقلوو"، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ میدیا دژبەرەکان"، بە ٣٠ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو.

شەوی سێشەممە، ٢٦ی ڕەزبەری ١٤٠١، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردبووە سەر ماڵی جەماڵ عەلیزادە و بە بێ بەڵگەی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

جەماڵ عەلیزادە، بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و پاش تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠١، ئەم هاووڵاتییە بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی، لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.