ئەفشین حوسێن پەناهی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا
ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٣، ئەفشین حوسێن پەناهی، برای ڕامین حوسێن پەناهی، بەندکراوی سیاسیی لەسێدارەدراو لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە لە سنە و دەسبەسەریان کرد.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: هێزە ئەمنییەتییەکان پاس دەسبەسەرکرانی ئەفشین حوسێن پەناهی هێرشیان کردوەتە سەر ماڵەکەی و دەستیان بە پشکنین کردووە.
ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: لە ماوی ڕۆژانی ڕابردووشدا، ئەفشین حوسێن پەناهی بانگی ستادی خەبەریی ئیتلاعاتی سنە کرابوو.
بانەمەڕی ١٤٠١، ئەفشین حوسێن پەناهی لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بە قازانجی گرووپ و ڕێکخراوە دژبەرەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران" بە یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درابوو.
ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بانەمەڕی ساڵی ٩٩، ئەم هاووڵاتییە کوردە پاش تێپەڕکردنی نزیک بە ٣ ساڵ لە ماوەی زیندانییەکەی، بە لێخۆشبوونی مەرجدار لە زیندان ئازاد کرا.
ئەفشین حوسێنپەناهی کە پێشینەی هاوکاری لەگەڵ ناوەندە ژینگەپارێزەکانی لە کارنامەی خۆیدا هەیە، مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٦ لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "بەڕێوەبردنی ڕێوەڕەسمی نەورۆز و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان" بە ٨ و نیو ساڵ زیندانی مەحکووم کرابوو.
ئەو چالاکە مەدەنییە پێشتریش لە ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ساڵی ٩٦، سێ ڕۆژ پاش دەسبەسەرکرانی ڕامین حوسینپەناهی، لە ماڵەکەی خۆی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.
ساڵی ٩٠ی هەتاوی پاش بەدواداچوونی دۆسیەی مردنی گوماناویی براکەی (ئەشرەف حوسێنپەناهی) بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی نیزام" بە ساڵێک زیندان مەحکووم کرابوو.