ئیلام؛ سیروان پەرویزی، بلاگر و کۆمێدیەن بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

22:12 - 18 بەفرانبار 2724

ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٣، سیروان پەرویزی، بلاگر و کۆمێدیەنی خەڵکی ئیلام بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کرا.

ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی بەفرانبار، سیروان پەرویزی بە هۆی بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی کۆمێدی لە پێوەندی لەگەڵ بارودۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی خۆیدا لە ماڵەکەی خۆی و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ناوبراو بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای ئیلام ڕاگوێزرابوو و پاش ڕۆژێک لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە کرابوو.

هاوکات لەگەڵ ئازادیی کاتیی ئەم کۆمێدیەنە، لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی لەلایەن بەرپرسانی دادوەرییەوە دەستی بەسەردا گیرا و پەیامێک لەم لاپەڕەیەدا بڵاو بووەوە کە بریتی بوو لە: "بە بڕیاری بەرپرسی بەڕێزی دادوەری، بە هۆی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی تاوانکارانە، ئەم ئادرەسە ئینتێرنێتییە دەستی بەسەردا گیراوە و کەسانی پێوەندیدار بە تاوانەکانی ئەم دۆسییەیە، بەدواداچوونی یاساییان بۆ دەکرێ."