سەقز؛ ڕەحمان ڕەحیمپوور، بەندکراوی سیاسیی پێشوو لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

23:59 - 11 رێبەندان 2724

ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، ڕەحمان ڕەحیمپوور، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی سەقز لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییە کوردەیان لە بەردەم ماڵەکەی خۆی دەسبەسەر کردووە و دواتر هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی و دەستیان بەسەر مۆبایلی خۆی و هاوسەرەکەی و هەروەها هەندێ کەلوپەلی کەسیی خۆیدا گرتووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتەوە پاڵدراوەکان دژی ئەم بەندکراوە سیاسییەی پێشوو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ٩٩، ڕەحمان ڕەحیمپوور لە پارکی لالەی سەقز بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش کۆتایی ماوەی لێپرسینەوەکەی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.

سەرماوەزی ١٣٩٩، ناوبراو بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام بە قازانجی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سەقزەوە بە ١٠ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درابوو.

ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی شەممە ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٠ بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی سەقز کرابوو و سەرماوەزی هەمان ساڵ پاش کۆتاییهاتنی ماوەی زیندانییەکەی لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرابوو.