بە دەسبەسەرکرانی محەممەد بێهرووزی، ژمارەی دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکان لە شنۆ گەیشتە چوار کەس

19:57 - 8 بەفرانبار 2724

٦ی بەفرانباری ١٤٠٣؛ لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانە و گرووپییەکان لە شارەکانی کوردستان، چوار هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی موراد عەبدوڵڵا عومەری، نوورەدین مەلاعەلیزادە، تۆفیق ئەمینی و محەممەد بێهرووزی بە شێوەی توندوتیژانە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە شنۆ دەسبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی بەفرانباری ١٤٠٣، سێ هاووكاتیی کوردی خەڵکی گوندی "هێ" سەر بە شاری شنۆ بە ناوەکانی موراد عەبدوڵڵا عومەری، نوورەدین مەلاعەلیزادە و تۆفیق ئەمینی بە شێوەی توندوتیژانە دەسبەسەر کران و بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزراون.

بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا؛ هێزە ئەمنییەتییەکان کاتژمێر دووی سەرلەبەیانی بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم سێ هاووڵاتییە و بە شکاندنی دەرکەکەیان و چوونەژوورەوە دەسبەسەریان کردوون.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێ؛ نوورەدین مەلا عەلیزادە پێشتریش چەندین جار بانگی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کراوە و توندوتیژیی بەرانبەر کراوە.

محەممەد بێهرووزی تەمەنی ٣٨ ساڵە، خێزاندارە و منداڵێکی هەیە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم کەسانە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.