بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووس؛ زۆربوونەوەی نیگەرانییەکان لەمەڕ دۆخی فەرید عێنایەتی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی کرماشان
هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "فەرید عێنایەتی" خەڵکی پاوە و دانیشووی کرماشان کە لە ڕۆژی ٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٣دا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە دەسبەسەرکرانی خۆی سی و پێنجەمین ڕۆژی مانگرتن لە خواردن لە ئیتلاعاتی کرماشانی تێپەڕاند.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پاش دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە لەگەڵ براکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، ناوبراو بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە دەسبەسەرکرانی خۆی مانی لە خواردن گرت و تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، پێوەندیی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: دوابەدوای چوونی بنەماڵەی فەرید عێنایەتی بۆ ناوەندە دادوەری و ئەمنییەتییەکان لە کرماشان، بەرپرسانی پێوەندیدار مانگرتن لە خواردنی ناوبراویان پشتڕاست کردووەتەوە و لە دانەوەی وڵامێکی ڕوون سەبارەت بە دۆخی ناوبراو خۆیان بواردووە.
ئەم سەرچاوەیە وتیشی: ناڕوونیی چارەنووسی ئەم چالاکە کوردە نیگەرانیی بنەماڵە و کەسە نزیکەکانی ناوبراوی بەدواوە بووە.
شەوی پێنجشەممە ٢٤ی خەزەلووەری ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی بە هێرشکردنە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە کوردە، ناوبراویان لەگەڵ براکەی حەمید عێنایەتی، کە بەرپرسی لێژنەی شاخەوانیی پاوەیە دەسبەسەر کردووە.
حەمید عێنایەتی پاش ٢٥ ڕۆژ دەسبەسەرکران و هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشان ئازاد کرا.
فەرید عێنایەتی ڕۆژی ٣١ی خەرمانانی ١٤٠٣، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیشدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش سێ مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای کرماشاندا و ٤١ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە دەسبەسەرکرانی خۆی لەم ماوەیەدا، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی دێزڵاوای کرماشان ئازاد کرابوو.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو برایە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.