دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییانی کورد لە مەهاباد گەیشتە ١٣ کەس
٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٣؛ بە ئاشکرابوونی شوناسی دوو کەسی دیکە لە دەسبەسەرکراوانی شاری مەهاباد، ژمارەی دەسبەسەرکراوان لەم شارە لە ماوەی دوو ڕۆژدا گەیشتە ١٣ کەس.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ بە دەسبەسەرکرانی "عەبدوڵڵا قوە" و "سالار شەمس بورهان" لە ڕۆژی شەممە ٢٤ی سەرماوەزی ١٤٠٣دا، ژمارەی دەسبەسەرکراوانی شاری مەهاباد گەیشتە ١٣ کەس.
هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣، سەرجەم ١١ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "عوسمان (شوانە) جەهانی فەر"، "ئەیووب ڕەسووڵی"، "رێبوار ڕەسووڵی"، "سیامەند سەیدئەحمەدی"، "قادر خەرامان فەر"، "کەماڵ مەسعوودی"، "جەلال سەدەفی"، "یووسف قال"، "ئارام مەبزوولە"، "ڕەحمان دانا" و "زانیار سەیدئەحمەدی" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کران و دوای تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانیان، تاکوو ئێستا سەبارەت بە شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
هەموو ئەم هاووڵاتییانە بە بێ بەڵگەی یاسایی و دوای هێرشکردنە سەر ماڵەکانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە کوردپا؛ ئەم کەسانە بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزراون. هەر لەم پێوەندییەدا "سیامەند سەیدئەحمەدی" خەڵکی گوندی "بەیرەم" سەر بە شاری مەهاباد پاش چەند کاتژمێر ئازاد کرا.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.