سزادران و دوورخرانەوەی چوار ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان - دیواندەرە
ئومید شامحەممەدی، هیوا قوڕەیشی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان – دیواندەرە بە بڕیاری لێژنەی پێڕاگەیشتن بە سەرپێچییە ئیدارییەکانی پەروەردە بە دەرکران و دوورخرانەوە سزا دران.
بەپێی سزای دەرکراو، ئومید شامحەممەدی، هیوا قوڕەیشی و کاوە محەممەدزادە لە کار دەرکراون و پەرویز ئەحسەنیش بۆ ماوەی پێنج ساڵ بۆ قوروە دوور خراوەتەوە.
پێشتر ئومید شامحەممدی لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە پێنج ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درابوو و هیوا قوڕەیشی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادەش هەرکامەیان بە تۆمەتی هاوشێوە بە پێنج ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو سزا دران.
ڕۆژی سێشەممە ٨ی خەرمانانی ١٤٠١، ئەم چوار ئەندامەی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان_ دیواندەرە پاش ٧٦ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی کاتی هەرکامەیان بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن تمەنی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە ئازاد کران.
ئەم چوار ئەندامەی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان – دیواندەرە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠١، هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان لە بەردەم پەروەردەی دیواندەرە ئەم چوار چالاکە سێنفییەی مامۆستایانیان دەسبەسەر کردن.
ئەم چوار هاووڵاتییە پاش دەسبەسەکران بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزران.
ئومید شامحەممەدی ڕۆژی شەممە ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ش لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش چل ڕۆژ دەسبەسەرکرانی کاتی بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.
دواتر ئەم چالاکە سێنفییە بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی ئەمنییەتی میللی" لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە بە یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درابوو.