سەقز؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی عەبدوڵڵا کەریم گوڵان
ڕۆژی دووشەممە ٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣، عەبدوڵڵا کەریم گوڵان، لە مامۆستایانی قوتابخانە دواناوەندییەکانی سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش تێپەڕبوونی ١٠ ڕۆژ لە کاتی دەسبەسەرکرانی، سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم مامۆستا کوردە بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و لە ماوەی دەسبەسەکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە و تەنیا ئیزنی پێوەندیی تلفۆنیی چەند خولەکی لەگەڵ بنەماڵەکەی پێ دراوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: بنەماڵەی عەبدوڵڵا کەریم گوڵان بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو، سەردانی ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکانی سەقزیان کردووە بەڵام وڵامێکی ڕوونیان پێ نەدراوەتەوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی عەبدوڵڵا کەریم گوڵان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.