سنە؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی عێزەتوڵڵا زەینەلپوور
سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک مانگ لە دەسبەسەرکرانی عێزەتوڵڵا زەینەلپوور، هاووڵاتیی خەڵکی سنە، سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.
ئەم سەرچاوەیە وتی: تاکوو ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی ناوبراو و شوێنی ڕاگیرانی بێ ئاکام بووە.
عیزەتوڵڵا زەینەلپوور لە ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٣، پاش گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بەو ناوەندەی کە ناوبراوی دەسبەسەر کردووە و هۆکاری دەسبەسەرکران و هەروەها تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.