ڕاگواستنی ئاکام ئەمینی و میلاد ناسری بۆ بەندیخانەی بۆکان
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئاکام ئەمینی و میلاد ناسری، دوو مێرمنداڵی خەڵکی گوندی "کانیڕەش"سەر بە شاری بۆکان، پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بە بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزراون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو هاووڵاتییە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی بۆکاندا لێپرسینەوەیان لێ کراوە و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ بەندی مێرمنداڵانی بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزراون.
ڕۆژی چوارشەممە ٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، میلاد ناسری بە بێ بەڵگەی یاسایی لە گوندی "کانیڕەش" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
هەروەها ڕۆژی ێنجشەممە ٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، ئاکام ئەمینی پاش بانگکران بۆ ئیتلاعاتی بۆکان دەسبەسەر کرا.
هێزە ئەمنییەتییەکان ڕۆژی چوارشەممە ٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئاکام ئەمینی و پاش پشکنینی ماڵەکە، دەستیان بەسەر مۆبایلەکەیدا گرت.
تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.