فەرەیدوون سوڵتانی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی تیکاب لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا
ڕۆژی هەینی ٢ی سەرماوەزی ١٤٠٣، فەرەیدوون سوڵتانی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی تیکاب پاش چەندین جار بانگکران و هەڕەشەی وەزارەتی ئیتلاعات دەسبەسەر کرا.
بە وتەی حوسێن شێرزاد، چالاکی سیاسی بە کوردپا؛ فەرەیدوون سوڵتانی لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە تیکاب دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. هەروەها هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بەسەر مۆبایل و ماشینەکەیدا گرتووە.
پێشتر فەرەیدوون سوڵتانی بە تۆمارکردنی ڤیدیۆیەک کە نموونەیەکی گەیشتووەتە دەستی کوردپا دەڵێ؛ لە ماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا دوو جار بانگی وەزارەتی ئیتلاعات کراوە و لە ئەگەری ونبوون و ناڕوونیی چارەنووسیدا، ئەوە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.
تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
فەرەیدوون سوڵتانی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی تیکاب و دانیشتووی تارانە. ناوبراو خێزاندارە و منداڵێکی هەیە.