سنە؛ عەلی ئەڵڵاوەیسی، چالاکی مەدەنی بە یەک ساڵ و شەش مانگ بەندکران سزا درا
عەلی ئەڵڵاوەیسی، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی سنە لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مستەفا عەزیزی" بە یەک ساڵ و شەش مانگ بەندکران سزا درا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چالاکە مەدەنییە بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە شەش مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا دراوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژی ٢٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بەڕێوە چوو و ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر سزای دادگای سەرەتایی بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٣، عەلی ئەڵڵاوەیسی بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا.
ئەم چالاکە مەدەنییە پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتەکانی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی حکوومەتی ئێران" و "دروستکردنی کەمپەینی ژیانەوەی کوردستان" بە دوو ساڵ بەندکرانی تەعزیری سزا درا و ئەم سزایە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی بانەمەڕی ١٤٠١، بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.
پاش ناڕەزایەتیدەربڕینی ناوبراو بە حوکمی سەرەتایی، ئەم سزایە کە لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە بۆ ٥ مانگ سزای داسەپاو و چوار ساڵ سزای هەڵپەسێردراو بۆ ماوەی چوار ساڵ گۆڕدرا.
ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی خەرمانانی ١٤٠١، عەلی ئەڵڵاوەیسی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی سنە ڕاگوێزرا و هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی ماوەی سزاکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.
شەوی شەممە ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠٠، عەلی ئەڵڵاوەیسی بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی جۆزەردانی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرابوو.