سنە؛ ناڕوونیی چارەنووسی هێمن محەممەدی پاش ٩ ڕۆژ دەسبەسەرکران
14:07 - 24 خەزەڵوەر 2724
٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٣؛ پاش تێپەڕینی ٩ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی هێمن محەممەدی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سنە، تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ هێمن محەممەدی ڕۆژی ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و تاکوو ئێستا سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
هێمن محەممەدی لەم ماوەیەدا لە مافی پێوەندیی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە.
تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.