٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٣؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٥٠ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی ڕزگار ڕەوشەنی، مامۆستای خەڵکی بۆکان، ناوبراو هێشتا چارەنووسی ناڕوونە و لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێدا لێپرسینەوەی لێ دەکرێت.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ئەم مامۆستایە ڕۆژی چوارشەممە ٢ی ڕەزبەری ١٤٠٣، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە بۆکان دەسبەسەر کرا و دواتر بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرا.
لەم ماوەیەدا ڕزگار ڕەوشەنی تەنیا جارێک پێوەندییەکی تلفۆنیی بۆ ماوەی چەند خولەک لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و دوای ئەوە لە مافی هەر جۆرە پێوەندی و چاوپێکەوتن و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەریش بێبەری کراوە.
سەرچاوەی کوردپا وتی: ڕزگار ڕەوشەنی کەسێکی خۆشناو و خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی لە نێو خەڵکدایە.
تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ناوبراو، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.





