ورمێ؛ ناسر بەکرزادە بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" بە لەسێدارەدران سزا درا
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ناسر بەکرزادە، بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" بە لەسێدارەدران سزا درا.
کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ناسر بەکرزادە لە ڕۆژی ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٣دا لە لقی ٣ی داداگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "نەجەفزادە" بەڕێوە چوو و بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" بە لەسێدارەدان سزا درا.
ئەم هاووڵاتییە تەمەن ٢٥ ساڵە، لە ڕۆژی ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٣دا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش چەند حەفتە لێپرسینەوە بە وەرگرتنی بەڵێننامەی نوسراو بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
ئەم هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی ورمێ، لە ڕۆژی ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٢دا جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش چەند مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە پادگانی ئەلمەهدیی سپای ورمێوە بۆ بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو.
هەر لەم پێوەندییەدا، ئیدریس ئالی و ئازاد شوجاعی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "دۆڵەگەرم" سەر بە شاری سەردەشت و ڕەسووڵ ئەحمەد محەممەد، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق لەلایەن دادگای ئینقلابی ورمێوە بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" بە لەسێدارەدران سزا دراون کە ئەم حوکمە لە سەرەتاکانی مانگی خەزەڵوەردا بەم دوو هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە.