سەوڵاوا؛ چوار هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران

00:59 - 17 خەزەڵوەر 2724

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "حەمید ساڵحینژاد" تەمەن ٢٧ ساڵ، "جەعفەر ئەردەڵان" تەمەن ٤٠ ساڵ، "محەممەد کەریمی" تەمەن ٣١ ساڵ و "سینا ئەسەدی حەکیم" تەمەن ١٥ ساڵ و خەڵکی گوندی "دێوەزناو" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر گوندی "دێوەزناو" و بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە ئەم چوار هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کردوون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم چوار هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: محەممەد کەریمی و حەمید ساڵحینژاد