سنە؛ بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی کەیوان محەممەدی

19:04 - 10 خەزەڵوەر 2724

سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک مانگ لە کاتی دەسبەسەرکرانی کەیوان محەممەدی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "شیان" سەر بە شاری سنە، ناوبراو هێشتا دەسبەسەرە و چارەنووسی ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییە کوردەیان لە چوونەژوورەوەی شاری سنە دەسبەسەر کردووە و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەیەکی ئەمنییەتیی ئەم شارەیان ڕاگواستووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: کەیوان محەممەدی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی ڕێبەندانی ١٣٨٥، کەیۆمەرس محەممەدی برای کەیوان محەممەدی لەگەڵ ئامۆزیەکی بە ناوی "نادر محەممەدی" لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کران و هەردووکیان لە ڕۆژی شەممە ١٣ی گەلاوێژی ١٣٨٦ی هەتاویدا لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی سنەوە بە تۆمەتی "موحاربە لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە لەسێدارەدران سزا دران.

سزای لەسێدارەدرانی ئەم دوو بەندکراوە سیاسییە، پاش پشتڕاستکرانەوە لە دیوانی باڵای وڵات لە ڕۆژی ١٨ی ڕەزبەری ١٣٨٦ لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا.