جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدرانی مێهدی چراغی لە بەندیخانەی قوروە

18:53 - 1 خەزەڵوەر 2724

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە یەکی خەزەڵوەری ١٤٠٣، سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوێکی کورد بە ناوی "مێهدی چراغی" خەڵکی قوروە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی ڕەزبەر، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکران، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم بەندکراوە ٧ ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" دەسبەسەر کرابوو و دواتر لەلایەن ناوەندە دادوەرییەکانەوە بە لەسێدارەدران سزا درابوو.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: مێهدی چراغی دوو حەفتە پێش لە بەندیخانەی سنەوە بۆ بەندیخانەی قوروە ڕاگوێزرابوو.

ئەم بەندکراوە گەلاوێژی ساڵی ڕابردووش بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکران بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی سنە ڕاگوێزرابوو کە بە وەرگرتنی ماوە لە سکاڵاکەرانی دۆسییەکە بۆ بەندی گشتی گەڕێندرابوویەوە.

تاکوو ئێستا هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم بەندکراوە لەلایەن ناوەندە فەرمییەکان و میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.