بەندیخانەی ئێڤین؛ پێنج ژنی بەندکراوی سیاسی دوابەدوای ناڕەزایەتیدەربڕین بە لەسێدارەدانەکان بە ٢٧ مانگ بەندکران سزا دران

03:11 - 1 خەزەڵوەر 2724

٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠٣؛ بەپێی هەواڵی بڵاوکراو لەلایەن کەمپەینی ئازادی بۆ پەخشان عەزیزی؛ پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی دوو بەندکراوی سیاسیی کورد لەگەڵ سێ بەندکراوی سیاسیی سەر بە ئێتنیکەکانی تر، بە ناوەکانی مەحبووبە ڕەزایی، نەرگس محەممەدی و پەریوەش مۆسلێمی، کە لە بەندیخانەی ئێڤین بەند کراون، لە دۆسییەیەکی هاوبەشدا کە لەم دوواییانەدا دژی ئەوان کراوەتەوە، بە گشتی بە ٢٧ مانگ بو یەک ڕۆژ بەندکران سزا دران.

بەپێی سزایەک کە لەم دوواییانەدا لەلایەن دادگای کەیفەری ٢ی کۆمەڵی دادوەریی قودسی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەبولفەزل عامری" دەر کراوە و ڕۆژی شەممە ٢٨ی ڕەزبەری ١٤٠٣ بەم بەندکراوانە لە بەندیخانەی ئێڤین ڕاگەیەندراوە، پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی، مەحبووبە ڕەزایی، نەرگس محەممەدی بە تۆمەتی "دەرگیربوون لەگەڵ هێزەکان و گوێنەدان بە فەرمانەکانیان" هەر کامەیان بە ٦ مانگ بەندکران و پەریوەش مۆسلێمی بە ٣ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکران سزا دراون. لەم دۆسییەدا پەریوەش مۆسلێمی لە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی بەندیخانە" و باقی تۆمەتبارەکان لە تۆمەتی "تێکدانی کەلوپەل" بێتاوان ناسراون.

کرانەوەی ئەم دۆسییە دەگەڕێتەوە بۆ ١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٣. لەم ڕێکەوتەدا بەندکراوانی بەندیخانەی ئێڤین پاش ئاگاداربوونەوە لە جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدرانی ڕەزا ڕەسایی، ناڕازیی کوردی یارسان، لە نێو بەندیخانەدا ناڕەزایەتییان دەربڕی کە ئەمە دەرگیربوونیان لەگەڵ گاردی بەندیخانە و دۆسییەسازیی بەدواوە بوو.

٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٣؛ پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی مەحکووم بە سزای لەسێدارەدان لە بەندیخانەی ئێڤین، لە دۆسییەیەکی تازەدا کە لەلایەن لقی ٣ی لێپرسینەوەی دادسەرای ئێڤینەوە کراوەتەوە بە "ئاڵۆزی لە بەندیخانە" تۆمەتبار کراوە. ئەم تۆمەتە لە پێوەندی لەگەڵ بەڕێوەچوونی خولی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ١٤٠٣ بووە.

ڕۆژی ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣؛ پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەوان و یاریدەدەری کۆمەڵایەتی پاش نزیکەی ساڵێک دەسبەسەرکران، لەلایەن دادگای ئینقلابی تارانەوە بە تۆمەتی "بەغی" بە لەسێدارەدران سزا درا و هاوکات سێ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەشی بە بەندکران سزا دران.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٣، سزای یەک ساڵ بەندکرای داسەپاوی هەر کام لە عەزیز عەزیزی، پرشنگ عەزیزی و حوسێن عەباسی، باوک، خوشک و زاوای پەخشان عەزیزی لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی تارانەوە وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.

ڕۆژی ١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، وریشە مورادی (جوانا سنە) ژنە چالاکی کورد لەلایەن لقی ٥ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی تارانەوە سەبارەت بە وەپاڵدانی تۆمەتی "بەغی" ڕوونکردنەوەی پێ درا. تۆمەتێک کە دەتوانێ سزای قورسی بە دواوە بێت.