سەقز؛ دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی ئیدریس فەتحی دوای تێپەڕبوونی ٦ ڕۆژ

03:06 - 1 خەزەڵوەر 2724

٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠٣؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٦ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی توندوتیژانەی ئیدریس فەتحی، هاووڵاتیی کوردی خەڵكی سەقز، سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو هیچ جۆرە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی "ئیدریس فەتحی" بە شێوەی توندوتیژانە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو لە گوندی "کانعمەت" سەر بە شاری سەقز و بە هۆی ئەوەی کە ناوبراو لە ماڵەو نەبووە، بۆ دەسبەسەرکردنی هێرشیان کردووەتە سەر گوندی "بەسام" و لە کاتی ئەنجامدانی کاری گەچکاریدا دەسبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێ؛ تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی بێ وڵام ماوەتەوە.