بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی خەبات ئیراندووست

00:18 - 25 رەزبەر 2724

سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو حەفتە لە دەسبەسەرکرانی خەبات ئیراندووست، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، پێوەندیی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: تاکوو ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو بێ ئاکام بووە.

خەبات ئیراندووست ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٣، بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شوێنی کارەکەی خۆیدا و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

خەبات ئیراندووست تەمەن ٤٣ ساڵ، کوڕی عومەر، خێزاندارە و منداڵێکی هەیە.

تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.