سەقز؛ هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر خانەقای "ڕێگای ئازادی" دوابەدوای نووسینی وشەی "شەهید" لەسەر بەردی مەزارگەی شێخ ئازاد شەهابی

19:08 - 24 رەزبەر 2724

شەوی دووشەممە ٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان دوابەدوای نووسرانی وشەی "شەهید" و شێعری کوردی لەسەر بەردی مەزارگەی شێخ ئازاد شەهابی، هێرشیان کردە سەر خانەقای "ڕێگای ئازادی" لە سەقز و ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی شێخ ئازاد و دەروێشەکانی خانەقایان دایە بەر لێدان و توندوتیژی.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ هێزە ئەمنییەتییەکان وێڕای لێدان و توندوتیژی بەرانبەر بە بنەماڵەی شێخ ئازاد شەهابی لەوانە ژنان و دەروێشەکانی خانەقا، دەستیان بەسەر هاردی کامێراکانی خانەقاکەدا گرتووە و بردوویانن؛ لەلایەکی دیکەوە هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ئەو شەقام و ڕێگایانەی کە دەچنەوە لای ئەم خانەقایە مێلیتاریزە کراون.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێ؛ هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر خانەقای "ڕێگای ئازادی" بە بێ بەڵگەی یاسایی بووە. لە ڤیدیۆیەکدا کە لەلایەن کوردپاوە بڵاو کراوەتەوە هەبوونی ئەم هێزانە بە چەکی شەڕکەری کڵاشینکۆف دەبینرێت.

ڕۆژی ٢٨ی پووشپەڕی ١٤٠٣، ئازاد شەهابی لە کەسایەتییە ئایینییە دیارەکانی کوردستان لەگەڵ دوو کەس لە هاوڕێیانی بە ناوەکانی پەیمان محەممەدی و پەرویز ڕەحیم‌پەنا لە خانەقاکەی خۆیدا لە شاری سەقز، لەلایەن کەسانی چەکدارەوە کوژران.

دوای تێپەڕبوونی نزیک بە دوو مانگ لە کوژرانی شێخ ئازاد و هاوڕێکانی، یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی شێخ ئازاد بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک، بە هۆی ناڕوونی و وڵامدەرنەبوونی دادپەروەرانەی حکومەت لەمەڕ دۆسییەی براکەی، ڕایگەیاند کە لە ئاستی گشتی و نێودەوڵەتی و چوارچێوەی مافی مرۆڤدا، ڕەوتی مافخوازی لەمەڕ کوشتنی ناوبراو لەبەر دەگرن.

ڕۆژی ١٩ی خەرمانانی ١٤٠٣، زاهێد شەهابی، برای شێخ ئازاد شەهابی بە بڵاوکردنەوەی ئەم ڤیدیۆیە ڕایگەیاند؛ چیدیکە بێدەنگ نابین و وتی: "تێرۆر"ی شێخ ئازاد شەهابی وەکوو "قەتڵ" لەلایەن دەزگای ئەمنییەتی و دادوەرییەوە بێڕێزی بە شەهیدان و تێگەیشتن و ئاوەزی کۆمەڵگەی مەدەنی دەزانین.

بنەماڵەی شەهابی لەسەر ئەو باوەڕين کە شێخ ئازاد "تێرۆر" کراوە و بەم پێیە خوازیاری پێڕاگەیشتنی دادوەری بەسەر دۆسییەکەدان. پێشتر یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی شێخ ئازاد شەهابی لە وتووێژێکی تایبەت لەگەڵ کوردپادا، باسی لە گوشارەکان و سێناریۆی حکوومەت (دەزگای دادوەری و ئەمنییەتی) بە مەبەستی گۆڕینی "تێرۆر"ی شێخ ئازاد بە "قەتڵ" کردبوو. لەوانە پێشنیاردان بە پارێزەرەکەی تا بەپێی خواستی ئەوان دۆسییەکە یەکلایی بکاتەوە. لەلایەکی دیکەوە سێناریۆ و گوشارگەلێکی جیاواز کە دژی ئەم بنەماڵەیە و دۆسییەی شێخ ئازاد هەیە، بنەماڵەی شەهابیی خستووەتە دۆخێکەوە کە پێیان وایە تەنانەت تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن ئەوانەوە لە قازانجی سێناریۆکەی حکوومەتدا دەبێت. بەم هۆیەوە بنەماڵە و کەسانی دەوروبەر چاوەڕوانی وڵامدەربوونی حکوومەتن، تەنانەت ئەەگەر سەرەتا بەوان نەوترێ، و لە میدیادا بپەرژێنە سەر ئەم بابەتە.

ڕۆژی سیشەممە ٦ی خەرمانانی ١٤٠٣، لە کاتێکدا لە بڕیار بوو ڕێوڕەسمی چلەی شێخ ئازاد شەهابی لە سەقز بەڕێوە بچێ، دەستێوەردانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ دەستداگرتن بەسەر ئەم ڕێوڕەسمەدا، بووە هۆی هەڵوەشانەوەی ڕێوڕەسمەکە لە شاری سەقز.

هەر لەم پێوەندییەدا، خوێنەری ڕاپۆرتی تایبەتی کوردپا لەژێر ناوی "یکی از نزدیکان شیخ آزاد شهابی؛ چرا جمهوری اسلامی نیازمند حذف فیزیکی او بود؟" لە بەشی فارسیدا بن.

کوردپا لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ یەکێک لە کەسە نزیکەکانی شێخ ئازاد، وێڕای باسکردن لەسەر ئیدعای کەسە نزیکەکان و لایەنگرانی شێخ ئازاد، باسی لە سێناریۆ گەورەکانی حکوومەت بۆ دروستکرردنی جیاوازی و کەلێن و دەرگیریی خەڵک لە ئاکامی کوژرانی شێخ ئازاد و هاوڕێیانی لە زاری کەسانی نزیکی ناوبراو کردووە.