بۆکان؛ ٦٧ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی پێشەوا ئاقاپوور و ڕاگیرانی لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ
۲۰ی بانەمەڕی ۱۴۰۵؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٦٧ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "پێشەوا ئاقاپوور"، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆکان لە پارێزگای ورمێ، ناوبراو هێشتا لە شوێنێکی نادیار لە ورمێ ڕاگیراوە و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "پێشەوا ئاقاپوور" لاوی کوردی ٢٢ ساڵانی خەڵکی بۆکان کە لە ١٤ی ڕەشەممەی ١٤٠٤دا بە شێوەی سەرەڕۆیانە و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کرابوو، پاش دەسبەسەرکران بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرا و لە درێژەدا، لە ١٦ی بانەمەڕی ١٤٠٥دا ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کرا. بەم حاڵەوە سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ لەم ڕاگواستنە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، "پێشەوا ئاقاپوور" ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بە بێ بەڵگەی یاسای دەسبەسەر کراوە و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزراوە. لە ڕەوتی ئەم دەسبەسەرکرانەدا، هێزە ئەمنییەتییەکان ئەندامی بنەماڵەی ناوبراو و لەوانە باوکیان داوەتە بەر لێدان و توندوتیژییەوە کە ئەمە شکانی پەراسووی ناوبراوی لێ کەوتووەتەوە.
ئەم هاووڵاتییە پێشتریش پێشینەی دەسبەسەرکرانی هەبووە؛ ناوبراو لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا لە ١٤ی خەزەڵوەری ١٤٠١ پاش بانگکران بۆ ئیتلاعاتی بۆکان دەسبەسەر کراوە و بەپێی ڕاپۆرتەکان لەو شوێنە ئەشکەنجەی جەستەیی دراوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی فەرمی سەبارەت بە هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی ئەم دواییانەی ناوبراو بڵاو نەکراوەتەوە و ناوەندە ئەمنییەتییەکانیش لەمبارەوە ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.
ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە و تەنیا لە ڕۆژانی سەرەتاییدا پێوەندییەکی کورتی تلفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە.