نەغەدە؛ مەسعوود عەبدوڵڵازادە پاش ٢٢ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕوویانە بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

22:07 - 20 بانەمەڕ 2726

ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی بانەمەڕی ١٤٠٥، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی «مەسعوود (سۆران) عەبدوڵڵازادە» خەڵکی گوندی «خەلیفان» سەر بە شاری نەغەدە پاش ٢٢ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕوویانە بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە بۆ لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی شاری ورمێ ڕاگوێزرابوو و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزراوە.

ئەم سەرچاوەیە وتی: ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە بێبەری بووە.

بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییەیان لە ماڵەکەی دەسبەسەر کرد.

مەسعوود عەبدوڵڵازادە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیش لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەرکرابوو.

ئەو هاووڵاتییە لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٥ــه و خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵە.

تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەو هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.